ووتەی راگر

ووتەی راگری پەیمانگە د.حوسێن ڕەشید طە

بەناوی یەزدانی دلۆڤان

قوتابییانى بەڕێز سەردانکارانى ئازیزى ماڵپەڕى پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى پیرمام بە نوێنەرایەتى لەلایەن پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى "پیرمام"ەوە، بە گەرمى بەخیرهاتنتان دەکەم بۆ پەیمانگەکەمان. پەیمانگەى پیرمام کە لەساڵى ٢٠٢٣ەوە و بە مەبەستى پەروەردەکردنى تاکێکى پڕ زانست و باوەڕبەخۆ و ئامادە بۆ بازاڕى کار، دامەزراوە، خۆشحأڵە کە پێشوازیتان بکات و ببێتە بەشێکى گرنگ لە ئەزموونى ژیانتان. پەیمانگەکەمان سەر بە دامەزراوەى "شەهید" بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵایە، کە گەورەترین دامەزراوەى کەرتى تایبەتە لە بوارى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان. ئێمە سەربەرزین کە لەماوەى کەمى دامەزراندنى پەیمانگەکەمان، بە پەیمانگەیەکى پێشەنگ و خاوەن ئایدیاى جوان و گەشەپێدەر ناسراوین. پێشوازى بەربڵاوى قوتابییان لە پەیمانگەکەمان و خۆتۆمارکردنیان، ئاماژەیە بۆ ئەم راستییە. بەڕێزان؛ بەدڵنیاییەوە دەتوانین پێتانبڵێین، کە پەیمانگەى پیرمام پەیمانگەیەکى جیاوازە؛ تۆ بە هاتنت بۆ پەیمانگەکەمان، بەشداری لە کۆمەڵگەیەک دەکەیت کە خولیای پەروەردە، داهێنان و گەشەکردنی پیشەیی هەیە. لە پەیمانگەی پیرمام، ئێمە تایبەتمەندین بە ئامادەکردنی ئێوە بە کۆمەڵێک توانا و لێهاتوویى، کە بۆ بازاڕى کار و بەدەستهێنانى ئەزموونى سەرکەوتوو، پێویستن؛ لەوانە: کارامەیی کرداری، زانیاری ئەکادیمی، توانای بەرزى بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ..هتد. ئێمە هاوکات ئەوەتان دەخەینە پێشچاو، کە پسپۆڕییەکانمان لە ریزى پڕکارترین پێویستییەکانى کۆمەڵگەن. ئێمەش بە پشتبەستن بە تواناى بەرزى مامۆستاکانمان و بەرنامە زانستییە گونجاوەکانمان و تاقیگە پێشکەوتووەکان و وانەى پراکتیکییەکان و دواجاریش گەشتە زانستییە فراوانەکانمان بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە پسپۆڕییەکانى پەیمانگەکەمان، هەلى فێربوونێکى کاریگەرتان بۆ دەڕەخسێنین؛ فێربوونێک کە تا رادەیەکى زۆر دەتوانێ گەرەنتى داهاتووتان بکات. خۆشەویستان پەیمانگەى پیرمام، پەیمانگەیەکى پڕ لە جووڵەیە؛ لەڕووى ئەکادیمى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەوە. لێرە ئێمە تەنیا سەرنجمان لەسەر توانستە زانستییەکان چڕنەکردووەتەوە، بەڵکو هاوکات کار لەسەر بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى تاکەکانیش دەکەینەوە. چونکە بەلامانەوە گرنگە مرۆڤ ئەو زانستەى کە بەدەستیدەهێنێ، بیخاتە خزمەتى خەڵک و کۆمەڵگەوە. هەر لێرەشەوەیە باوەڕمان وایە کە قوتابییەکانمان دەتوانن ئامادەکارى بۆ بەدیهێنانى کاریگەرییەکی مانادار چ لە ژیانى ئەکادیمى و چ لە ژیانى تاکەکەسى و سەرەنجام لە ژیانى کۆمەڵایەتیشدا بکەن. گرنگە بزانن، ئێمە لێرەین بۆ پشتگیریکردنتان لە رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان و گەیاندنتان بە ترۆپکى سەرکەوتن. ئەمەش ئەوپەڕى شانازی ئێمە دەبێت. دڵنیابن پەیمانگەى پیرمام، دیاردەیەکە و شایستەى ئەزموونکردنە. د. حسێن ڕەشید تەها راگرى پەیمانگە